ئەنجامی تانەی خوێندنی باڵا بڵاوکرایەوە
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی خوێندنی باڵا دوای زیاتر لە مانگێک ئەنجامی ئەو تانانەی راگەیاند کە خوازیارانی خوێندنی باڵا بۆ دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە ئەنجامی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی هەیانبوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی تانە(اعتراض)ی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی لەرێگەی زانکۆکان راگەیاند، پرۆسەکە زیاتر لە مانگێکی پێچوو، بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەت، ئەوانەی تانەیان گرتبوو دەتوانن لەسەر ماڵپەڕی زانکۆکانیان ئەنجامەکان ببینن.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان لە رۆژی 4.7.2023 وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوەی یەک هەفتەی دیاریکرد بۆ ئەوانەی رەخنەیان لە نمرەکانیان هەبوو لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بۆ ئەوەی تانە تۆمار بکەن.
بۆ ئەمساڵ لە پرۆسەی خوێندنی باڵا، بۆ هەریەکە لە ئاستەکانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا 15 هەزار و 728 خوازیار داواکاریان پێشکەشکردبوو، ئەو ژمارەیە کێبڕکێیان لەسەر حەوت هەزار و 614 کورسی دەکرد.