مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست رازی نین و داوای هەمیشەیی دەکەن
964+
فەرمان سادق
جارێکی تر وەزارەتی دارایی بڕیاری دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ دەرکرد، بەڵام نوێنەرەکەیان دەڵێت، جگە لە هەمیشەیی بە هیچی تر رازی نین.
ئەمڕۆ سێشەممە 8.8.2023، نووسراوێک بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە کە لە ناوەڕۆکەکەیدا وەڵامی نووسراوێکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی داوەتەوە لەبارەی پرسی مامۆستایانی وانەبێژ.
نووسراوەکە کە بەروار و ژمارەی لەسەر نییە، لە ناوەڕۆکەکەیدا ئاماژە بە کۆبوونەوەکانی نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە دەکات لەبارەی چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ و پێشنیازی ئەوە کراوە بکرێن بە گرێبەست.
هەوەک ئەوەش روونکراوەتەوە کە ئەگەر مامۆستایانی وانەبێژ کە ژمارەیان 35 هەزار و 435 مامۆستایە، بکرێن بە گرێبەست ئەوا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی چوار ملیار 255 ملیۆن و 896 هەزار دیناری زیاتر پێویستە بۆ موچەکانیان.
964، لە رێگەی وەتس ئاپ، نووسراوەکەی بۆ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە و هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارتی دارایی و ئابووری نارد بۆ پشتڕاستکردنەوەی نووسراوەکە کە بەروار و ژمارەی لەسەر نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بینیویانە، وەڵامیان نەدایەوە.
مامۆستایانی وانەبێژ، ئەوانەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە موچەکەیان لە 400 هەزار دینارەوە دەکرێت بە 500 هەزار، هەروەها ئەوانەشی بڕوانەمەی دبلۆمیان هەیە موچەکەیان لە 350 هەزارەوە دەکرێت بە 400 هەزار.
جگە لەمە مامۆستا ژنەکان ئیمتیازی مۆڵەتی دایکایەتییان دەبێت و هەروەها مەترسی دەرکردن و دوورخستنەوەش لەسەر مامۆستایانی وانەبێژ نامێنێت.
عەلی رەوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ پشتراستی نووسراوەکەی بۆ 964 کرد و باسی لەوەکرد کە لەسەر نووسراوەکە لەگەڵ وەزیری پەروەردە قسەیان کردووە.
دەشڵێت: دوای 600 یاداشت بۆ دامەزراندنمان، ئێستا ئەوەیان کردووە و پێشووتریش هەردوو وەزارەت وەها پێشنیازێکیان بە ئەنجومەنی وەزیران داوە و بەڵام رەت کراوەتەوە.
نووسراوەکە لە کاتێکدایە بەپێی خشتەی حکومەت بێت ئەوا سبەی چوارشەممە 9.8.2023، ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و ئەگەری هەیە یەکێک لە تەوەرەکان ئەو پرسە بێت، بەڵام نوێنەرەکەی مامۆستایانی وانەبێژ رەتی دەکاتەوە ئەوان بە گرێبەست رازی بن.
عەلی رەئوف بۆ 964 وتیشی “جگە لە دامەزراندنی هەمیشەیی بە هیچی تر رازی نابین”.
نووسراوەکە لە کاتێکدایە ساڵانێکی زۆرە مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجامدەدەن بۆ بوونیان بە هەمیشەیی و مامۆستا هەیە زیاتر لە 10 ساڵە تاوەکو ئێستا هەر وانەبێژە و نەکراوە بە هەمیشەیی.