بۆ درێژەدان بە خوێندن پێویستە چی بکەیت؟
964+
فەرمان سادق
دوای ساڵانێک دابڕان لە خوێندن، بۆ گەڕانەوە و درێژەدان بە خوێندن پێویستە تەمەنت 24 ساڵ کەمتر بێت بۆ ئەوەی لە قوتابخانەکان بخوێنی.
نورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە 964ـی وت، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن لە قوتابخانەکانی رۆژ یان شەوان بۆ پۆڵی 12ـی ئامادەیی، نابێت تەمەنیان لە 24 ساڵ تێپەڕ بووبێت.
بۆ ئەوانەشی دەیانەوێت لە قۆناغەکانی بنەڕەتی بخوێنن نابێت تەمەنیان لە نۆی بنەڕەتی لە 19 ساڵ تێپەڕی کردبێت، لەوە گەورەتر دەبێت تاقیکردنەوەی دەرەکی ئەنجام بدەن.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە 28.12.2022 رایگەیاند، بۆ وەرزی ئەمساڵی خوێندن 2022-2023، بە كۆی گشتی لە كابینەی نۆیەم 19 هەزار و 432 قوتابی دابڕاو گەڕاونەتەوە بەر خوێندن.
زیاتر روونی کردەوە، بەپێی رێنماییەکان قوتابی دوو ساڵ بەسەریەکەوە لە یەک پۆڵدا دەرنەچێت، ئەوا بۆ ساڵی سێیەمی دەبێت لە خوێندنی ئێواران درێژە بە خوێندنەکەی بدات، ئەگەریش لەوێ هەر دەرنەچێت و ئەو قۆناغە نەبڕێت ئەوا بۆی نییە لە ناوەندەکانی خوێندن درێژە بە خوێندن بدات و بەڵکو دەبێت تاقیکردنەوەی دەرەکی بداتەوە.
بۆ ئەوانەی دەیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن، پێویستە سەرەتا سەردانی ئەو قوتابخانەیە بکەن کە پێشتر تێیدا قوتابی بوون بۆ دەستپێکردنەوەی مامەڵەی درێژەدان بە خوێندن، لەوێوە رێنمایی ئەوەیان پێدەدرێت کە چۆن دەگەڕێنەوە بەر خوێندن و درێژەدان بە خوێندن.