زۆرترین کێڵگە مین لە قەزای ئامێدییه‌

دهۆک له‌ناو زۆرى كێڵگه‌ مینه‌كانیدا داواكارى هه‌یه‌

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

له‌كۆى زیاتر له‌ 700 كێڵگه‌ى مین له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك، تائێستا كه‌متر له‌ نیوه‌ى ئه‌و ژماره‌یه‌ پاككراونه‌ته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى مینیش داواكاره‌ تیمى مین لابه‌ریان بۆ زیاد بكرێت.

زۆرترین ژمارەی کێڵگە مینرێژکراوەکان لە سنوورى پارێزگای دهۆک دەکەوێتە قەزای ئامێدیە .

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى 964 له‌ ده‌زگاى مینى دهۆك وه‌ریگرتووه‌، لە پارێزگای دهۆک 776 کێلگەی مین هەبووە، تەنها 366 پاکراون، هەروەها 407 کێڵگەی مینرێژ ماون.

لە قەزای ئامێدی 303 کێڵگەی مین دۆزراونەتەوە، تەنها 80 کێڵگە مین دوای پاککردنەوەیان رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە، لە ئێستاشدا 223 کێڵگەی مینرێژکراو ماون .

شیلان سامر، بەڕێوەبەری گشتی كاروبارى مین له‌ دهۆک بە 964ـی وت، لە قەزای ئامێدی تەنها یەک تیمی شارەزایان هەیە، کە خەریکی پاککردنەوەی کێڵگە مینەکانه‌،‌ داوایان كردووه‌، تیمیان بۆ زیاد بکرێت.

وتیشی “بەهۆی نەبوونی بودجە و پێداویستی بە تایبەتیش ئۆتۆمبیل، نه‌توانراوه‌ تیممان بۆ زیاد بكه‌ن”.تەنیا لە پارێزگای دهۆک شەش تیمى مین لابه‌ر هەن. چوار تیم لە سەنتەری دهۆک، یەک تیم لە زاخۆ و یەک تیم لە قەزای ئامێدیە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن