"دواین مۆڵەتە"

مۆڵەتی رۆژێک بۆ چۆڵکردنی 500 دووکان لە کەرکوک دانرا

+964

کاروان ساڵحی – کەرکوک

قایمقامیەت و هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک، مۆڵەتی 24 کاتژمێر بە پیشەوەرەکانی گەراجی سلێمانی دەدەن و داوا دەکەن بیگوازنەوە بۆ ناوچەی پیشەسازی نوێ.

بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی ژینگەی عێراقەوە دەرچووە و قایقامیەتی کەرکوک دەڵێت، تا ئێستا زیاتر لە چوار جار ئاگاداری پیشەوەرانیان کردووە، کە ئەو شوێنە چۆڵ بکەن و ئێستا کارەبای نیشتمانیان لێبڕیون.

“ئەمجارە دواین جارە و مۆڵەتی 24 کاتژمێریان پێدەدەین.. ئەو شەقامە قەرەباڵغی ئاستەنگی زۆری دروستکردووە و هاوڵاتیان ناتوانن بە ویستی خۆیان بگەن بە نەخۆشخانەی ئازادی و ناو بازاڕ”، فەلاح یایچی قایمقامی کەرکوک بە 964ـی وت.

لە بەرامبەردا، پیشەوەرانی گەراجی سلێمانی لە کەرکوک دەڵێن، کرێی گەراج و دوکان لە ناوچەی پیشەسازیی باکوور و باشوور زۆرە، بە وتەی یەکێک لە پیشەوەرەکان بە ناوی حەمودی نەشئەت، “کرێی گەراج و دوکان ساڵانە زیاتر لە 12 ملیۆنە بەبێ کرێی کارەبا و ئاو ومۆلیدە، بەڵام ناچارین دەبێت چۆڵی بکەین”.

ژمارەی ئەو دوکانانەی نزیک گەراجی سلێمانی، کە داوایان لێکراوە بیگوازنەوە بۆ ناوچەی پیشەسازی باکوور و باشوور، زیاتر لە 500 دوکانن.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر