لە کەرکوک سێ بەرپرسی کورد لە کارەکانیان لادەبرێن
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بەبڕیاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، سێ بەرپرسی کورد لە کەرکوک، لە پۆستەکانیان لادەدرێن و جێگرەوەیان بۆ دیاریکراوە.
ئەو بەرپرسانە پێکهاتوون لە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی کەرکوک، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکوک و بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی کەرکوک، بەپێی زانیارییەکانی 964، لادانیان بەهۆی تەواوبوونی ماوەکەیانە و سزا نییە.
بڕیاری لادانی ئەو سێ بەرپرسە لە پۆستەکانیان، رۆژی دووشەممە، 31.7.2023 لەلایەن بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراقەوە واژو کراوە.
بەپێی بڕیارەکە، ئارام عەلی محەممەد، سەرۆکی ئەندازیارانی کشتوکاڵ راسپێردراوە کە وەک بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی کەرکوک لە شوێنی ئاری سەیفەددین یەحیا، دەستبەکاربێت.
بۆ شوێنی بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکوکیش، ئەحمەد عومەر محەممەد شەریف، یاریدەدەری سەرۆکی ئەندازیاران راسپێردراوە بۆ ئەوەی لە شوێنی فەرەیدون عادل وەیس دەستبەکاربێت.
بەپێی فەرمانە وەزارییەکە گۆڕانکارییەکەی دیکە بەم شێوەیەیە، “راسپاردنی ئیحسان وەهبی ساڵح، سەرۆکی ئەندازیارانی پێشکەوتوو بە ئەرکی بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی کەرکوک لە شوێنی زاگرۆس جان وەلی”.