هەفتەیەکە شەقڵاوە کێشەی کەمئاوی هەیە

964+

فەهمی نەبی

ماوەی هەفتەیەکە پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی شەقڵاوە کە پڕۆژەی ئاوی قەندیلە کێشەی بۆ دروستبووە، بەو هۆیەوە چەندین گەڕەک بێ ئاو بووە.

کاروان کەریم خان، قایمقامی شەقڵاوە بۆ 964 ئەمڕۆ دووشەممە وتی، ئەو گرفتە بەهۆی هەبوونی کێشەی دابینکردنی کارەباوە دروستبووە کە پڕۆژەی ئاوی قەندیلە و ئاوی ناوچەکە دابیندەکات.

بەوتەی قایمقامی شەقڵاوە، ئەوان دەیانەوێت بەشێوەیەکی ئێجگاری و بنەبڕ ئەو کێشەیە چارەبکەن، بۆیە چاککردنەوەی وا درەنگ کەوتووە، هاوکات بۆ چارەسەری کێشەی کەمئاوی لە قەزاکە، پشتیان بەو بیرانە بەستووە کە لە گەڕەکەکان هەن، قایمقام دەڵێت، “تاڕادەیەکی زۆر کێشەکەی بۆ چارەکردووین”.

پڕۆژەی ئاوی قەندیل، ئاو بۆ هەریەکە لە قەزای شەقڵاوە و پیرمام و مەلائۆمەر دابیندەکات.

شەقڵاوە لەساڵی 1952 بوەتە قەزا، هەریەکە لە ناحیەکانی سەڵاحەدین، هیران، هەریر، باسرمە و بالیسان لەگەڵ 217 گوند لەخۆدەگرێت، ئەمەش بەگوێرەی زانیاریەکانی ماڵپەڕی پارێزگای هەولێر، بەپێی دواین بڕیاری حکومەت بێت، بڕیاری بەقەزا بوونی هەریر و باسرمە دەرچووە.