مەرزێکی نوێ دەکرێتەوە

باشماخ و تیلەكۆ دەبنە خاوەنی ماستەرپلان

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە پەروێزخان و تیلەکۆ، بەردی بناغەی ماستەرپلان و چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری بۆ هەردوو مەرزەکە دانرا و بڕیار وایە لە ماوەی چوار مانگدا قۆناغی یەکەمی تەواو بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 23.7.2023، ئەردەڵان ئەحمەد بەرپرسی بەشی پلان لە وەزارەتی دارایی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جێبەجێکردنی پرۆژەکە 80 ملیار دیناری پێویستە و لە قۆناغی یەکەمدا 14 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە.

پرۆژەکە لەسەر رووبەری 300 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت، کە لە لایەن وەزارەتی داراییەوە کڕدراوە و کارەکانی بریتین لە قیرتاوکردن، راکێشانی ئاو و کارەبا، دانانی ئینارە، دروستکردنی سیاج، دروستکردنی بیناکانی بنکەی گومرگ، پۆلیسی گومرگ، نشینگە، ئاسیش و پۆلیسی ناوخۆ.

بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە تەواو ببێت و هاتوچۆی بازرگانی لە مەرزی تیلەکۆ دەستپێبکات.

مەرزی تیلەکۆ دەکەوێتە سنووری ناحیەی مەیدان و هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی پەروێزخان، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، یەکێکە لەو دەروازانەی لە رێگەیەوە جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری دەکرێت و لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندایە.