هێلیکۆپتەرێکی تورکیا لە ناوچەی جودی دەسوڕێتەوە. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
هەپەگە: لە هەرێم 16 سەربازی تورکیا کوژران
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە ناوچەکانی مەتینا و زاپ لە هەرێمی کوردستان، 16 سەربازی تورکیا کوژران و سەربازێکیش بریندار بوو، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە وا دەڵێت.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە هەپەگە رۆژی شەممە 22.7.2023 بڵاویکردووەتەوە، ئەو سەربازانەی تورکیا لە دوو رووبەڕووبوونەوەی جیادا کوژراون و چەند بارەگایەکی سوپای تورکیا و هێلیکۆپتەرێکیش کراونەتە ئامانج.
یەکێک لە رووبەڕووبوونەوەکان لە رێکەوتی 21.7.2023 بووە و ئەوەی دیکەشیان لە 19.7.2023 روویداوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا هیچ راگەیەندراوێکی لە بارەی کوژرانی ئەو سەربازانە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام باس لە کوژرانی پێنج گەریلای پەکەکە دەکات.
لە رێکەوتی 18.4.2023ـەوە، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ دەستپێکردووە و چالاکی لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن.