دوو جار فەرمانی دەستبەكاربوونی هەیە و هێشتا دەستبەكار نەبووە

+964

ئەحمەد مستەفا

لە 16.4.2023 و 20.7.2023 دوو فەرمان بۆ دەستبەکاربوونی عەمید ئاسۆ محەمەد، وەک بەرێوبەری نوێی هاتوچۆی سلێمانی دەرچووە، بەڵام هێشتا دەستبەکار نەبووە و ئەمەش گرفتی بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان دروست كردووە.

عەمید ئاسۆ محەمەد، هێشتا بەڕێوەبەری پۆلیسی کارەبای گەرمیانە، سەرەڕای ئەوەی لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە فەرمانی دەستبەکاربوونی هەیە وەک بەرێوبەری نوێی هاتوچۆی سلێمانی.

بە گوێرەی سۆراغی 964، پاش فەرمانەکە کە (عەمید عومەر نامیق)، لە پۆستی بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بەوەکالەت لە پاش (5.4.2023)وە بەخشراوە، لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە هیچ نووسراوێکی هاتوچۆی سلێمانی وەرناگیرێت، تا فەرمانی دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێ جێبەجێ نەکرێ.

ئەوەش گرفتی بۆ رایکردنی مامەڵەی بەشێک لە هاوڵاتیان، و ئەو نووسراوانەی هاتوچۆی سلێمانی دروست کردووە، کە دەبێت هاتوچۆی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ واژۆی کۆتایی لەسەر بکەن.

عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری نوێی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت، “گرفتێکی سیاسی هۆکارە بۆ دەستبەکارنەبوونم، بۆیە بڕیارم وایە داوای یەکلاکردنەوەی نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ بکەم، بە دەوامکردنم لە ئەرکی نوێ یان بەردەوامیدان لە شوێنەکەی خۆم”.

وتیشی، “پرۆژەی گرنگم بۆ هاتوچۆی سلێمانی هەیە و تائێستاش بە فەرمی لایەنە بەشدارەکانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی دژ بە دەستبەکاربوونی من نین، بەڵام ئەگەر بزانرێ، دەستبەکاربوونەکەم دەبێتە گرفت، ئامادەم دەستبەرداری هەردوو پۆستەکە ببم”.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلیمانی دەكەوێتە سەر رێگەی دوكان بۆ سلێمانی لە تاسڵوجە، بەرامبەر باڵەخانەی پێشەنگای نێودەوڵەتی.

پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد