لە پاڵەوانێتی تێنسی عێراق

پێشمەرگە بردیەوە و بەوەش لە نایاب دەمێنێتەوە

964+
یادگار محەمەد – سلێمانی

لە پاڵەوانێتی یاری تێنسی عێراق، پێشمەرگەی سلێمانی لە ئالیاتی شورتەی بردەوە و مانەوەی لە ریزی نایاب مسۆگەرکرد.

بە سەرپەرشتی فیدراسیۆنی تێنسی عێراق و لەسەر یاریگای گەل لە شاری بەغدا، رکابەرییەکانی قۆناغی کۆتایی پاڵەوانێتی یانە پلە نایابەکان دەستیپێکرد.

ئالان سەلام راهێنەری یانەی پێشمەرگە بە 964ـی وت، یانەکەیان بۆ قۆناغی کۆتایی ئامادەکاری کردووە و چاویان لەوەیە تیپەکەیان لە ریزی نایاب بهێڵنەوە.

وتیشی، لە دەستپێکی یارییەکان توانیان سەرکەوتن بەسەر یانەی ئالیاتی شورتە بەدەستبهێنن و دەستکەوتێکی گەورە بۆ یانەکە و شاری سلێمانی تۆماربکەن.

لە رکابەرییەکانی رۆژی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە، یانەی پێشمەرگە رووبەرووی ئالیاتی شورتە بوونەوە، سەرەتا رۆژین ئەکرەم بەرامبەر بە ئەحمەد مەتەر یاری کرد، دوای یارییەکی ماراسۆنی رۆژین بە دوو سێتی بێ وەڵام سەرکەوتنی تۆمارکرد، خاڵی سێتەکانیش 7-5 و 6-2 بوون.

دواتر ئالان سەلامی راهێنەر و یاریزانی پێشمەرگە رووبەڕووی نوور حسێن بووەوە، ئالان ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و بە ئەنجامی دوو سێتی 7-6 و 6-4 بردنەوەی دەستەبەرکرد و سەرەنجامیش یانەی پێشمەرگە بردنەوەیەکی گرنگی تۆمارکرد و مانەوەی لە خولی نایابی عێراق مسۆگەرکرد.