2000 کەس لەوانەی بەشداری راهێنانی پیشەییان کردووە دامەزراون

964+

پێشەوا محەمەد

لە ماوەی چوار ساڵدا 7000 کەس بەشداری راهێنانە پیشەییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیان کردووە و زیاتر لە 2000یان کاریان دەستکەوتووە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی راهێنانی پیشەیی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکان لقی هەیە و خولی پیشەیی بۆ گەنجان دەکاتەوە.

درومان و سەرتاشين لە زۆرترین خولەکانن، کە ژنان و کوڕان داوای دەکەن و خولی پیشە جۆراوجۆرەکانی تریش دەکرێتەوە.

“بەرنامە پێشنیازکراوەکانی سەنتەری راهێنانی پیشەیی بریتییە لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی تواناکانی گەنجان، ئەمەش لەسەر هەمان روئیا و ستراتیژیەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە”، ئەوە قسەی کەریم ئەحمەد، بەڕێوەبەری راهێنانی پیشەیی سلێمانییە بۆ 964.

دەشڵێت، خولەکان هاوکات لەگەڵ پێویستی بازاڕدایە بۆ دروستکردنی کادری کارامە و شارەزا “بەردەوام دەبین و هانی گەنجانمان دەدەین بچنە سەر پیشەی خۆیان”.