کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن وادەڵێت
رێژەیەکی کەمی دەنگدەران لە کوردستان تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان بە سستی بەڕێوەدەچێت و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تا ئێستا تەنیا یەک ھەزار و 500 کەس تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە.
عیماد جەمیل، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، لە ماوەی شەش رۆژی رابردوودا، رێژەیەکی کەمی دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە، کە ژمارەیان تەنیا ھەزار و 500 دەنگدەرە و پڕۆسەکەش بە سستی بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، “کۆمیسیۆن 173 بنکەی تۆمارکردنی لە دهۆک و سلێمانی و هەولێر کردووەتەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانی تا 3:00ـی ئێوارە ئەو بنکانە پێشوازی لە دەنگدەر دەکەن تەنانەت لە رۆژانی پشووشدا.”
بە وتەی عیماد جەمیل، ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەسە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 13ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
لە رێگەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، سڕینەوەی ناوی مردووان و گواستنەوەی تۆماری دەنگدەران لەنێوان پارێزگاکان ئەنجامدەدرێت.