قەزای چەمچەماڵ - وێنە: 964
لەبەر خاتری چەمچەماڵە
پێشنیار کراوە نۆبەی ئاوی بازیان بکرێت بە سێ رۆژ جارێک
964+
پێشەوا محەمەد
بۆ ئەوەی کێشەی ئاوی چەمچەماڵ باشتر بکرێت پیشنیار کراوە نۆبەی ئاوی بازیان بکرێت بە سێ رۆژ جارێک، بەڵام ئەوان رازی نین.
ئێستا لە چەمچەماڵ هەشت بۆ 10 رۆژ جارێک ئاو دەدرێت بە هاوڵاتیان، لە بازیان رۆژنا رۆژێک ئاو دابەش دەکرێت و فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ داوای کردووە هی بازیان بکرێت بە سێ رۆژ جارێک تا ئاوی چەمچەماڵیش زووتر دابەش بکرێت.
ئێستا کێشەکە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانییە و بەدوای رێگەچارەدا دەگەڕێن.
سیروان جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19.7.2023 بە 964ـی راگەیاند، کەمکردنەوەی ئاوی بازیان بۆ سێ رۆژ جارێک وەک دوا چارەسەر داندراوە و جارێ جێبەجێ ناکرێت، “بەڵام ئەگەر پێویست بێت وای لێدەکەین بۆ ئەوەی دانیشتوانی چەمچەماڵ لانیکەم حەوت رۆژ جارێک ئاویان بۆ بچێت و دەبێت دانیشتوانی بازیانیش لەوە تێبگەن هاوسەنگییەک هەبێت”.
وتیشی، “داوامان کردووە ئاوی چەمچەماڵ دوو بۆ سێ هەزار مەتر سێجای رۆژانە زیاد بکرێت، بەڵام تا ئێستا سلێمانی رەزامەندی نەداوە چونکە لەوێش کێشەی ئاو هەیە”.
وا بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە 20.7.2023 لە پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەک لەو بارەیەوە بکرێت.