لە بەخێوکارەوە بۆ بەخێوکراو

رۆژانە 5 تا 10 حاڵەتی جەڵدەی مێشک لە سلێمانی روودەدەن

964+
ئەحمەد مستەفا

رۆژانە پێنج بۆ 10 کەس لە نەخۆشخانەی شار وەک توشبووی جەڵدەی مێشک تۆماردەکرێن، کە دوو نەخۆشیان تووشی پەککەوتنی تەواوەتی دەبن.

بەراورد بە داتای جیهانی جیاوازی سەرەکی زیادبوونی رێژەی توشبوونی گەنجانە بە جەڵدەکە.

جەڵدەی مێشک یەکێکە لە هۆکارەکانی مردن یان پەککەوتن لە دنیادا کە لە رێگەی تەقین یان گیرانی بۆرییەکانی مێشکەوە روودەدات.

زۆرێک لە نەخۆشەکان لە سەدا 50 یان 80 یاخود سەدا 100، توانا و هۆشیان لەدەستدەدەن.

ئیهمالکردن بۆ ئەنجامنەدانی پشکنین یان نەبوونی نیشانە هۆکارە بۆ زوو نەچوون بەدەم نەخۆشییەکەوە.

بەگوێرەی داتای نەخۆشخانەی شار، روودانی جەڵدە لە کەسانی سەرو 40 ساڵ زیاترە تا خوارتر، بەڵام حاڵەتەکانی جەڵدە لەنێو گەنجاندا زیادیکردووە.

کاتێکیش پرسیارم لە هۆکارەکەی کرد، وەرزشنەکردن، خواردنی ناتەندروست و جگەرەکێشانیان وەکو وەڵام دایەوە دەستم.

بەپێی داتاکان بێت، ئامارەکانی گەیشتن بە تۆمارکردنی جەڵدەی مێشک لە زیادبووندان لەنێو هاوڵاتیاندا.

فشاری خوێن، نەخۆشیەکانی دڵ، شەکرە، چەوری، قەڵەوی، جگەرەکێشان و وەرزشنەکردن هۆکارە باوەکانن بۆ روودانی جەڵدەی مێشک.

زۆرێک لە نەخۆشەکانیش کە تووشدەبن، هاوسەنگی رۆشتن، هۆش، بینین و بیستن لەدەستدەدەن.

سەرەڕای ئەمانەش تەمەن بە دەست مرۆڤ نییە، بەڵام تەندروستییەکەی بەدەست خۆیەتی.