بیرەکانی بەحرکە بەخێرخوازی لێدەدرێن

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

لە ماوەی 15ساڵی رابردوودا خێرخوازان و هاوڵاتیان دەیان هەزار دۆلاریان خەرجکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لەناحیەی بەحرکە، بە قسەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی ناحیەکە.

لەماوەی شەش مانگی رابردوودا ژمارەیەک بیر چاک کراوەتەوەتەوە و چەند بیرێکیش لێدراون لە ناحیەی بەحرکەی پارێزگای هەولێر.

محەمەد حسێن مزووری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی بەحرکە بە 964ی وت، لەماوەی شەش مانگی رابردوو ، لەناحیەی بەحرکە پێنج بیرلێدراون و دوو بیریش مۆلەتیان بۆ دەرچووە، 14 بیری تر زیادکراوە و حەوت لە ماتۆڕی بیرەکان گۆڕاون، هۆکاری کێشەی کەم ئاوی، بۆ کەمی کارەبا دەگەڕێتەوە، چونکە بەلایەنی کەم پێویستیان بە 20 سەعات کارەبا هەیە، بەڵام تەنیا 12سعات کارەبا هەیە و زۆریش خراپە.

وتیشی، چەندین جار خراپی ڤۆڵتی کارەبا و کەم و زیاد بوونی بووەتە هۆی خراپبوونی ماتۆڕەکان.

ئاماژە بەوەشدەکات، چەندین ماڵ زیاتر لەبۆییەکیان راکێشاوە بەسەرپێچی، کە ئەمەش کێشەی هەرە سەرەکییە.

سەرەڕای چاککردنەوە و لێدانی بیر لەم ناحیە، بەڵام لە ئێستادا گەورەترین کێشەی هاوڵاتیان نەبوونی ئاوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی