وەزیر بەڵێنی داوە

زیاتر لە پێنج هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت دەخرێنە لیستی موچەوە

964+

پێشەوا محەمەد

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڵێن بە ئەنجومەنی باڵای خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەدات ناوی زیاتر لە پێنج هەزار کەسی نوێیان بۆ بخاتە لیستی موچەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 16.7.2023 ئەنجوومەنەکە لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە.

ئەوانەی بڕیارە بخرێنە لیستی موچەی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە لەوانەن تا ئێستا موچەیان نییە یاخود خاوەن پێداویستی تایبەتی نوێن و پشکنینەکانیان تەواو کردووە.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت موچەی 150 هەزار دیناری مانگانە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم وەردەگرن.

عومەر جەبار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە 964ـی وت، “پێشتر بەهۆی چاکسازییەوە نزیکەی چوار هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت موچەیان بڕاوە و داوامان کرد ئەو کەسانە بخرێنە شوێنی ئەوانەی موچەیان بڕدراوە”.

دەشڵێت، وەزیر بەڵێنی پێداوین لە زووترین کاتدا ئەو کارە بکات.