له‌ هه‌ولێر ئەفسەرێکی باڵا كوژرا

+964

سەعید محەمەد – هەولێر

سەرچاوەیەک لە هێزەکانی پۆلیسی نەوت، کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ بە 964+ی وت؛ ئەوەی کوژراوە جێگری فەرماندەی فەوج بووە لە هێزەکانی پاسەوانی پاڵاوگە نەوتییەکان، دوای نوێژی هەینی دەستڕێژی گولەی لێکراوە و گیانی لەدەست داوە.

وتیشی: “ماوەیەک پێش ئێستا کەسێک بە دەستی ئەم ئەفسەرە کوژراوە، گومانمان وایە کەسوکاری کوژراوەکە ئەم ئەفسەرەیان کوشتبێت”،  پۆلیس و هێزە ئەمنیەکان لێکۆلینەوەیان دەستپێکردووە بۆ ئاشکرا کردنی تۆمەتباران.

پۆلیسی هەولێر روونکردنەوەی لەسەر رووداوەکەداوە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی  ٩ کانوونی یەکەم، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتيی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادار کرانەوە بە بوونی حاڵەتێکی تەقەکردن لە قەزای بنەسڵاوە، دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی مەبەست و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت، کە ئەفسەرێکی پۆلیسی نەوت و گاز بە پلەی موقەدەم بەناوی ئەسعەد رەئووف حەمەد،  تەمەن ٤٨ ساڵ  دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

تەرمی کوژراوەکە گەیەندراوەتە پزیشکی دادی و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، لە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران.