کەسێک لە کاتی بوونی ئازاری گەدەدا - وێنە: socialmedia
ئەگەر رێجیم ئازاری گەدەی بۆ دروستکردووی ئەم هەواڵە بخوێنەرەوە
964+
پێشەوا محەمەد
هەندێک لەوانەی رێجیم دەکەن تووشی ئازاری گەدە دەبن، بەڵام ئایا هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو ئازارە چین؟ پسپۆڕێکی خۆراک ئەو وەڵامە دەداتەوە.
ئەو گۆڕانکاریانەیە کە لە سیستمی خۆراکیدا روو دەدات لە کاتی رێجیمکردندا بە شێوازی جیاجیا هۆکاری دروستبوونی ئەو ئازارەن.
کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراک بۆ 964ـی روونکردەوە، دڵەکزێ و بە زەحمەت هەرسکردنی خۆراک لە کاتی رێجیمدا هۆکارەکەی ئەوەیە بڕێکی زیاتر لە کاتی ئاسایی مادە پڕۆتینییەکان دەخورێت و ئەنزیمەکانی ناو گەدە فریا ناکەون بە جوانی هەرسی بکەن.
بە وتەی ئەو پسپۆڕی خۆراکە، ئازاری گەدە دروست دەبێت ئەگەر بە هۆی نانخواردنی بەپەلە یان خواردنی ئەو خواردنانەی بڕێکی زۆر بەهارات و تووندیان تێدایە لە کاتی رێجیمکردندا.
“کەم خواردنی مادە ریشاڵییەکان دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی پڕۆسەی هەرسکردن و قەبزی و غازاتی زۆر و دواتر ئازاری گەددە”، کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی وادەڵێت.
بە وتەی ئەو، دوو لە هۆکارەکانی تری ئازاری گەدە لە کاتی رێجیمکردندا ئەوانەن، کە بەرهەمە سپیاییەکانیان پێ ناکەوێت لە کاتی خواردنیان بە بڕێکی زۆر، یان هەستیارییان بە خۆراکێک یان پێکهاتەیەکی ناوی هەیە.
ئەو پسپۆڕی خۆراکە گۆڕینی کاتی ژەمەکان یان نەخواردنی ژەمێک زیاتر لەو کەسانەدا، کە رێجیمی ڕۆژووی پچڕپچڕ دەکەن یا رێجیمی نازاستی و زۆر قورس دەکەن بە هۆکارێکی تری ئازاری گەدە دەزانێت.