سەدان جوتیار گردبوونەوە

جوتیارێکی هەولێر: چۆن سایلۆ پڕبووە کە هێشتا گەنمەکەمان تەسلیم نەکردووە؟

964+
شیراز عەبدوڵا

ئەم سەرلەبەیانیە سەدان جوتیاری ناوچەکانی کۆیە، هەریر، شەقڵاوە، بنەسڵاوە و قوشتەپە چوونە حەوشەی سایلۆی گەنمی هەولێر و داوایان کرد بەرهەمەکانیان لێوەربگیرێت.

یەکێک لەوان قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بە بیانووی تەواوبوونی ئەو بڕەی بۆ سایلۆی هەولێر دیاریکراوە هیچیان لێوەرناگرن.

هەروەها وتی، “چۆن دەبێت لەکاتێکدا هێشتا گەنمەکەمان تەسلیم نەکردووە کەچی سایلۆ پڕبووە؟”.

بەرپرسانی سایلۆی هەولێر هۆکاری وەرنەگرتنی دەغڵودانەکە دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە ناتوانن لەو بڕەی بۆیان دیاریکراوە زیاتر وەربگرن.

لەم کۆتاییانەدا بڕی وەرگرتن لە سایلۆکە زیادکرا بۆ 145 هەزار تۆن و بە قسەی بەرپرسانیش ئەو بڕە وەرگیراوە، ئیتر مەگەر حکومەتی عێراقی داوای گەنمی زیاتر بکات.

964 دەزانێت، نزیکەی دوو هەفتەیە 200 بۆ 250 بارهەڵگری گەنم لەو دەوروبەرە وەستاون و تا ئێستا گەنمەکانیان لێ وەرنەگیراوە.