ئاوە خێری بووەتە خێر و بەرەکەت بۆ شۆفێران
964+
هونەر فارس
دۆخی حەماوەی ئۆتۆمبیلە مۆدێل کۆنەکان بەدەست گەرمای هاوینەوە باش نییە، بەو هۆیەوە سەرجەم شۆفێری ئەو ئۆتۆمبیلە مۆدێل کۆنانەی بە رێگەی کەلار- دەربەندیخاندا هاتوچۆ دەکەن، ئۆتۆمبیلەکەیان لە ئاوەکەی ئاوە خێری فێنک دەکەنەوە.
پلەی گەرمای هاوینی گەرمیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک کە هەندێک جار دەگاتە سەروی 50 پلەی سیلیزی، ئەوەش بارگرانی زیاتری لەسەر ئەو شۆفێرانە دروستکردووە کە مۆدێلیان کۆنە.
“ئاوێکی فێنک و سازگار، لە بەرزایی چەند مەترێکەوە لەناو درەختەکانەوە دێتە دەرەوە و دەڕژێتە ناو حەوزێکەوە و شۆفێران هەر کە پێی دەگەن بۆنیدەکان بەرزدەکەنەوە و ئاو بە رادێتەری ئۆتۆمبیلەکەیاندا دەکەن”.
دڵشاد فارس شۆفێری ئۆتۆمبیلێکی مۆدێل کۆنە، لە کەلارەوە بەرەو شارەزور دەچێت، بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە حەماوەی ئۆتۆمبیلەکەی سەرووی نیوە بووەتەوە.
ئەو شۆفێرە بۆ 964وتی، “ئەم ئاوە رەحمەتە لێرەدا، بە درێژایی هاوین گەر هاتوچۆ بکەم ناچار لێرە لادەدەم و ئۆتۆمبیلەکەم فێنک دەکەمەوە، چونکە هەم فێنک کەرەوەی نییە و هەمیش حەماوەی بەرز دەبێتەوە.
ئاوە خێری، گوندێکی نێوان قەزای کەلار- دەربەندیخانە و دەگێڕنەوە، ناوی گوندەکە لەوەوە هاتوە کە رێبواران پێشتر پێیدا تێپەڕیون و سوودیان لەو ئاوە بینیوە، هەر بۆیە ناویان ناوە ئاوە خێری.
پێداچوونەوە: توانا نەقی