تەرمی 11 کۆچبەری کورد لە جەزائیرەوە گەڕێندرانەوە رۆژئاوای کوردستان
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لەدوای نزیکەی مانگێک، ئەمڕۆ تەرمی 11 کۆچبەری کورد کە لە کەناراوەکانی وڵاتی جەزائیر خنکابوون، گەڕیندرانەوە رۆژئاوای کوردستان.
ئەمڕۆ هەینی، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەو کۆچبەرانە لە رێکەوتی 5.6.2023 لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، لە کەناراوەکانی وڵاتی جەزائیر خنکابوون.
لە نەخۆشخانەی تەبقەی نیشتمانییەوە، تەرمی ھەشت لە کۆچبەرەکان بەرەو کۆبانێ و سیانیشیان بۆ قامیشلۆ بەڕێکران تاوەکو لە زێدی خۆیان بەخاکبسپێردرێن.
لەنێو کۆچبەرەکاندا چوار ئەندامی یەک خێزان هەن کە پێکهاتوون لە دوو منداڵ و دایک و باوکیان.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژئاوای سوریا بە ھەماھەنگی لەگەڵ مانگی سوری کوردی توانیان بە ھەماھەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی جەزائیر، لوبنان و سووریا تەرمی کۆچبەرەکان وەربگرێتەوە و رادەستی کەسوکارەکانیان بکاتەوە.