نزیكه‌ى 15 گوند و 7 گه‌ڕه‌ك بێئاون

سۆران خراپترین دۆخى وشكه‌ساڵى و كه‌مئاوى به‌ڕێ ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سۆران به‌ خراپترین دۆخى وشكه‌ساڵى و كه‌مئاوى تێده‌په‌ڕێت و ئێستا نزیكه‌ى 15 گوند و حه‌وت گه‌ڕه‌كى ناو سه‌نته‌ره‌ بێ ئاون، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوى سۆرانیش ده‌ڵێت، چاره‌سه‌رى ئێستایان دابه‌شكردنى ئاوه‌ به‌ تا‌نكه‌ر.

هه‌ر ئه‌مساڵ نا، ساڵانى پێشتریش كه‌ وه‌رزى هاوین دەهات، له‌ به‌شێكی سنوورى سۆراندا قه‌یرانى كه‌مئاوى هەبوو، وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو هۆكارێكی سه‌ره‌كى ئه‌و قه‌یرانه‌ن.

به‌ پێی زانیارییه‌كانى 964 كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتىی ئاوى سۆران ده‌ستیكه‌وتووه‌، ته‌نیا له‌ناو سه‌نته‌ر‌ى سۆراندا ئەمساڵ 750 خێزان به‌ تانکەر ئاویان پێدەدرێت.

هەریەک لە گەڕەکەکانی کەورین، جوندیان، شەهیدانی جوندیان، بادلیان، دێڵزیان، قەندیل و هەرێم، له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ى سۆرانن، كه‌ له‌ ناو بێ ئاوى قه‌یرانى كه‌مئاویدا ده‌ژین.

لە سنوورى قه‌زاى سیده‌كان و ناحیه‌ى خەلیفانیشدا، نزیكه‌ى 15 گوند رووبه‌ڕووى كێًشه‌ى كه‌مئاوى بوونه‌ته‌وه‌.

تەحسین عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران بە 964ـى راگەیاند، “بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كه‌مئاوى بۆ ناو سۆران، دوو ملیار دینار دابینکراوه‌، كه‌ لە رێگەی تانکەرەوە ئاو بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ دابین ده‌كرێت.

هۆكارى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مساڵ سه‌رچاوه‌كانى ئاو زووتر وشكبوونه‌.

به‌ قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاو، ناو سه‌نته‌رى سۆران پێویستى به ‌به‌رهه‌مهێنانى چوار هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوه‌ لە کاتژمێرێکدا، بەڵام ده‌ڵێت “ئێستا سێ هەزار مەتر سێجا بەرهەم دەهێنین و ئه‌وه‌ش گرفته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌یه‌”.

پێشتریش، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى سۆران ئه‌وه‌ى بۆ 964 ئاشكرا كردبوو، كه‌ له‌ سنووره‌كه‌یاندا كێشه‌ى كه‌میى ئاو ته‌نیا له ‌ناو سۆراندا نییه‌، به‌ڵكو له‌ سیده‌كان دۆخى ئاو زۆر خراپه‌ و له‌ خه‌لیفانیش بیری ئاو هه‌یه‌ وشكى كردووه‌.