کۆگایەکی چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەرداگیرا

964+

فەرمان سادق

ئاسایشی هەولێر دەستی بەسەر کۆگایەکی چەک گرتووە و دەڵێت: مۆڵەتی نەبووە.

کەمێک پێش ئێستا ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەستبەسەر داگرتنی کۆگایەکی چەکی لە گەڕەکی لاوان لە شاری هەولێر راگەیاند.

ئاسایش لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، کۆگاکە “مۆڵەتی یاسایی نەبووە و خاوەنەکەشی دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە”.

دەشڵێت: لەکاتی پشکنین دەستبەسەر دەیان پارچە چەکی کلاشینکۆف، دەمانچە، M4، قەناس و بی كەی سی و ژمارەیەکی زۆری فیشەک و سەدان پارچەی يەدەگی چەک و چەند ئامێرێکی تایبەتی تۆڕنەکردن و لێدان و گۆڕینی ژمارەی چەک و چەندین پارچەی جۆراوجۆری کەلوپەلی سەربازی گیراوە، کە بە شێوەی نایاسایی مامەڵەی پێوە دەکرا.

ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوەکەیدا باس لەوەش دەکات کە دوای کۆکردنەوەی زانیاری و ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن هێزەکانیان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی هەواڵگریی فەرماندەی زێڕەڤانی لە گەڕەكی لاوان لەناو شاری هەولێر، توانیمان دەست بەسەر کۆگایەکی بێ مۆڵەتی چەک و کردنەوەی چەک بگرن.