هەولێر گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ جۆرجیا زیاد دەکات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

كۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسمانی عێراقی ژمارەی گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ جۆرجیا زیاد دەكات و دەڵێت، بڕیارەكە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش دەگرێتەوە.

ئەم بڕیارە بە هۆی زۆربوونی خواست لەسەر گەشتکردن بۆ جۆرجیا دەرکراوە و فڕۆکەخانەکانی هەولێر، بەغدا و بەسڕە دەگرێتەوە.

كۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسمانی عێراقی دەڵێت، بڕیارەکە لە رێکەوتی 23.7.2023ـەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە هەمان رێوشوێنەكانی پێشتریش ڤیزا وەردەگیرێت و گەشتەكان بۆ فڕۆکەخانەی تێبلیسیی پایتەختی جۆرجیا ئەنجام دەدرێت.

نۆ ساڵ بوو وڵاتی جۆرجیا پێدانی ڤیزای بە هاوڵاتیانی عێراقی راگرتبوو، بەڵام سەرەتای مانگی رابردوو لە هەردوو فڕۆکەخانەی بەغدا و هەولێر گەشتەکان دەستیانپێکردەوە.

یەکەمین گەشتی نێوان فڕۆکەخانەی هەولێر و تێبلیسیی پایتەختی جۆرجیا لە 26.3.2013 بوو، بەڵام ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی چەند کەسێک کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بوون و بۆ گەشت لە جۆرجیا بوون، ئەو وڵاتە پێدانی ڤیزای بە هاوڵاتیانی عێراقی راگرت.

جۆرجیا دەکەوێتە ناوچەی قەوقاز، لە نێوان ئەوروپا و ئاسیا، پایتەختەکەی شاری تێبلیسییە، لە ساڵی 1991 سەربەخۆیی وەرگرتووە.