ژمارەیان 18 حاجییە

یەكەمین كاروانی حاجیانی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە

964+
كوردستان ئەحمەد
یەكەمین كاروانی حاجیانی هەرێمی كوردستان كە دانیشتووی زاخۆن لە رێگەی وشكانیەوە گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.

حاجیيەكان كاتژمێر شەشی بەیانی بە كاتی هەرێمی كوردستان بەڕێكەوتن، لەسەر شەقامەكانی شاریی مەككە دانیشتوون چاوەڕێی ئۆتۆمبێلەكانیان دەكەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شارەكانی خۆیان.

كاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بە964ی وت، دۆخی تەندروستی هەموو حاجییەكان زۆرباشە و بە شێوەیەكی فەرمی لە رێگەی دەروازەی عەرعەرەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.

لە ڤیدیۆیەکدا کە بۆ 964 نێردراوە، دەردەکەوێت حاجییەکان جانتا و كۆڵی خۆیان پڕ لە دیاری كردووە، بە جلی كوردییەوە دانیشتوون و دەست و دەم بەدوعا چاوەڕێی قافڵەكەیانن لە مەككەوە بەرەو كوردستان بگەڕێنەوە، تیمێكی تەندروستی و تیمی ئەمنی و رێنیشاندەریان لەگەڵە.

پەیجی فەڕمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمێك پێش ئێستا پۆستێكی كردووە و دەڵێت،یەكەمین كاروانی حاجیانی هەرێمی كوردستان بەڕێكەوتون كە ژمارەیان 685حاجییە.

فارس زاخۆلی، یەكێكە لە حاجیەكانی زاخۆ كە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، قسە بۆ 964 دەكات و دەڵێت، ژمارەیان 18 حاجییە و تەندروستیان زۆر باشە و تیمەكەیان بە كاملی لە رێگەن بۆ ناوچەكەی خۆیان.

بە پێی ئاماری وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 کەس لە 150 وڵاتی جیاوازەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانی سعودیەیان کردووە.
بۆ ئەمساڵ ئەوانەی بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە، ژمارەیان چوار هەزار و 685 کەسە.