لە کوشتارگەی هەولێر
923 کیلۆ گۆشت لە دوو رۆژی جەژنی قورباندا لە پشکنین دەرنەچوون
964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
لە دوو رۆژی جەژنی قوربان لە کوشتارگەی هەولێر 584 ئاژەڵ سەربڕدراون، 39 تۆن و 180 کیلۆ گۆشت نێردراوە بۆ نێو شار و هاوڵاتیان، 923 کیلۆ گۆشت لە پشکنین دەرنەچوون و رەتکراونەتەوە ، لە سوتێنەری کوشتارگەکە سوتێنراون .
رۆژی یەکەمی جەژنی قوربان 83 ئاژەڵی گەورە رەشەوڵاغ ، 160 ئاژەڵی بچووک وەک مەڕ و بزن هێنراونەتە کوشتارگەکە و سەربڕدراون، رۆژی دووەم 93 ئاژەڵی گەورە و 248 ئاژەڵی بچووک سەربردراون.
هەڵمەت هەمزە، بە ڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، لە ماوەی ئەو دوو رۆژە تەنیا یەک ئاژەڵ کە مەڕێک بووە بەهۆی نەخۆشی و نە گونجاوی بۆ قوربانی رەتکراوەتەوە، لە یەکەم رۆژی جەژن 381کیلۆ گۆشت لە پشکنین دەرنەچووە، رۆژی دووەمی جەژن 542 کیلۆ گۆشت لە پشکنین دەرنەچووە.
ئەو بەشانەی ئاژەڵە سەربڕدراوەکان کە لە پشکنین دەرنەچوون ( سی و جگەر و سپڵ ) بوون، رۆژانە دوای کۆکردنەوەیان لە سوتێنەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دەسوتێنرێن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی