ئالیك هەرزانە و جوانەگا گرانە
+964
نرخی ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵانی بەردەڕەش گران بووە، ئاژەڵدارێك دەڵێت، ئالیك هەرزانە و دەبوو گۆشتیش هەرزان بوایە، بەڵام بە پێچەوانەوەیە.
زەید كۆچەر پەیامنێری964 لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی بەردەڕەش لەگەڵ خاوەن ئاژەڵێك قسە دەكات، ئەو دەڵێت هەر كیلۆیەك گۆشتی رەشەوڵاغ و جوانەگا سێ هەزار دینار گرانتر بووە، پێشتر بە حەوت هەزار بوو ئێستا بە دە هەزارە و مەڕ و گیسك و پەزەكانیش دوو هەزار دینار گران بوون.
زەید لێی دەپرسێت بۆچی ئەوەنە گرانە، ئاژەڵدارەكەش گۆڵكێكی بەدەستەوەیە، ئەڵێت، قوربان ئاژەڵدارەكان بێمنەتن، ئەمساڵ ئالیك زۆرە و هەرزانیشە، منەتیان پێ نییە بە ئاسانی دەتوانن بەخێویان بكەن، ئیتر بۆ بەهەرزان بیفرۆشن.
لەدیمەنەكاندا چەندان مەڕ و بزن و گیسك و جوانەگا دەردەكەون، خەڵك دەورەیان داون، تەقەی مامەڵە دێت، هەر كەسێك هەوڵ دەدات ئاژەڵێك بكڕێت و بیباتەوە بۆ خێر.
پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد