بە رێژەی 50% لۆد کەمبووەتەوە
وەزارەتی کارەبا: سیستمی پریپەیدت هەبێت کارەباکەت دەبێتە 24 کاتژمێری
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی کارەبا دەڵێت، ئەو شوێنانەی ئێستا کارەبایان کراوەتە سیستەمی پریپەید، رۆژانە 24 کاتژمێر کارەبایان هەیە و بەو سیستمە لۆدی سەر گۆڕەرەکانی کارەبا بە نزیکەی 50% کەمبووەتەوە.
سیستمی پریپەید، جۆرێکی سیستمی دابینکردنی کارەبایە کە هاوبەش پێشوەختە پارەی کارەباکەی دەدات، ئێستا لە هەندێک پڕۆژەی نیشتەجێبوون و ناوچەی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کارەبا لە رێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە رایگەیاند، بەمەبەستی دابینکردنی كارەبای بەردەوام بۆ هاوڵاتیان، دەیەوێت سیستمی پریپەید بۆ هەموو شارەکان دابین بکات.
لە رێگەی ئەو سیستمەوە “کارەبای بەردەوام بۆ پڕۆژە، بیرەکانی ئاو و رووناکی شەقامەکان دابینکراوە”.
بە قسەی وەزارەتی کارەبا، ئەم سیستمەی کارەبا، دەتوانێت بارزۆری و کێشەی ڤۆڵتیە بە تەواوی چارەسەر بکات و ژینگەیەكی پاك و كارەبایەكی باش و بەردەوام بۆ هاوڵاتیان دابن بکات.
“لەو شوێنانەی سیستمەكەیان بۆ بەستراوە، سەرپێچییەکانی سەر کارەبا چارەسەر کراون و ژمارەی راستەقینەی هاوبەشانی کارەبا بە دیار کەوتوون”، وەزارەتی کارەبا وا دەڵێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، تا ئێستا ملیۆنێك و 300 هەزار پێوەری زیرەک لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراون، بەمەش 92%ـى هاوبەشان پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە و ئامادەن بۆ ئەوەی بكرێنە سیستمی پریپەید.