بڕیاری بۆ دەرچوو
زانکۆی پۆلیتەکنیک لە گەرمیان و ئاکرێ دەکرێنەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بە نوسراوێکی فەرمی، وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم بڕیاریدا لەسەر کردنەوەی دوو زانکۆی تازە، یەکێکیان لە ئاکرێ و ئەوەی دیکەیان لە گەرمیان دەبێت.
ئەو زانکۆیانەی بڕیاری کردنەوەیان بۆ دەرچووە، زانکۆی پۆلیتەکنیکن لە ئاکرێ و گەرمیان.
کردنەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیک لە گەرمیان لە کاتێکدایە، گەرمیان لەساڵی 2010 خاوەنی زانکۆیە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دانیپێدانەنراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە واژووی د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری کردنەوەی ئەو دوو زانکۆیە درا.
سەرچاوەیەک لە کۆلێژی تەکنیکی کەلار بە 964ى وت، “دوای کردنەوەی زانکۆکە دەست بە رێکاری دانپێدانانی دەکرێت لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، پێمان وایە هیچ کێشە دروست نابێت لەو باریەوە”.
زانکۆی گەرمیان 13 ساڵە دامەزراوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی باڵەخانەی کۆلیژی زمان و زانستە مرۆڤایەتیەکانی لە سنوری خانەقینە، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دانیپێدا نانێت.
فەرھاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بۆ 964 قسەیکرد وتی “رێکارەکانی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان گەیشتوەتە کۆتایی، لەدوای جەژنی قوربان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کۆدەبینەوە و دوا بڕیاری لەسەر دەدرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو پێداویستی و رێکارانەی کە داوایانکردوە بۆ دانپێدانانی هەر زانکۆیەک ھەموویمان ناردووە و لەوباوەڕەین ئیدی دانیپێدەنرێت”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی