وەزارەتی دارایی: 400 ملیار دێت و پێش جەژن موچەی هەموو کەس دەدرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

رۆژی یەکشەممە 25.6.2023، حکومەتی عێراق 400 ملیار دیناری شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و دەیخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.

رۆژێک پێش هاتنی ئەو بڕە پارەیەش، وەزارەتی دارایی لە شەممەدا هەر لە پێدانی موچەی مانگی ئایار بەردەوام دەبێت و ناردنی 400 ملیارەکە بۆ ئەوەیە پێش جەژنی قوربان موچەی ئەو مانگەی هەموو فەرمانبەران بدرێت، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئەم قسانەی بۆ 964 کرد.

“رۆژی شەممە 24.6.2023 دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت و تا سێشەممە پێش جەژن موچەی سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆران دابەش دەکرێت”، هونەر جەمال وای وت.

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی رایگەیاند، دوێنێ رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنی ناردنی 400 ملیاری دیکەی پێداوین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کوێستان محەمەد، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئەوەی راگەیاند، کە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر خەتن بۆ ناردنی بڕی 400 ملیاری دیکە، هەر کات ئەو بڕە هات، بەر لە جەژن موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێت.

رۆژی 15ی حوزەیران وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەیی هەرێم رایگەیاند، بڕی 400 ملیار دینار لەرێگەی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین، خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.

تا ئێستا چەند وەزارەتێک موچەی مانگی 5ـی ئەمساڵیان وەرگرتووە و چەندین وەزارەتی دیکە ماون، کە بەر لە جەژن موچە وەربگرن.