ژمارەیەک دەرچووی بەشە پزیشکییەکان خۆپیشاندان دەکەن. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
وەزارەتی تەندروستی دەرچوانی بەشە پزیشكیەكان دادەمەزرێنێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزیری تەندروستیی حکومەتی ھەرێم دەڵێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدان بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە کەرتی حکومی و تایبەت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سێیەمین دیداری زانستیی پزیشکانی ددانی سلێمانی، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی رایگەیاند، کار لەسەر پێدانی نازناوی پزیشکی بە دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان دەکات و چاوەڕوانیش دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامی ئەو ھەوڵانە لە دامەزراندنی دەرچوواندا رەنگبداتەوە.
وتیشی، وەزارەتی تەندروستی چەند بژاردە و پرۆژەیەکی لەبەردەمدایە بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشیکییەکان لە کەرتی تایبەت، ئێستاش تاوتوێی ئەو بژاردە و پرۆژانە دەکات.
“بۆ دەرچووانی ئەم چەندین ساڵەی دوایی، کە دامەزراندن نەبووە، ئێمە چەند بژاردەیەک و چەند پرۆژەیەکمان لەبەردەستە و قۆناغی باشیان بڕیوە”، وەزیری تەندروستی وای وت.
بە پێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا، دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس دەبن.
لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2022، وەزارەتی تەندروستیی عێراق فۆرمی ئەلیکترۆنیی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، کە لە ناوچە جێناکۆکەکان خوێندنیان تەواو کردووە.