جوتیارێک تەنێکی نامۆ پێیدا تەقیەوە و گیانی لەدەستدا

964+

ئەحمەد مستەفا

لەکاتی رشتنی دەرمان بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکەیدا تراکتۆرەکەی دەکەوێت بەسەر تەنێکی نامۆ لەکاتی هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەنەکە، پێیدا دەتەقێتەوە و گیان لەدەستدەدات.

رووداوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.6.2023، لە سنووری قەزای پێنجوێن و لەسەر رێگای دەروازی باشماخ روویداوە.

هێشتا نەزانراوە تەنە نامۆیەکە چییە، شۆفێرەکەش دانیشتووی قەزای پێنجوێنە و پۆلیسی قەزاکە گەشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.

رائید کاروان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن بە 964ـی وت، “گومان دەکەین تەنەکە ساچمە یان مادەیەکی تەقینەوە بووبێت، تەرمی شۆفێرەکە رەوانەی پزیشکی داد دەکەین”.

زانیاری هات:

شۆفێرەکەی بەهۆی تەنە نامۆیەکە گیانی لەدەستداوە، ناوی (مەهدی تەڵال رۆستەمی)ـیە و تەمەنی 35 ساڵە و خەڵکی ئێرانە، بەڵام دانیشتووی پێنجوێن بووە بۆ کارکردنی کشتوکاڵی هاتۆتە قەزاکە.

بەوتەی بەرێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن بێت، ساڵی رابردووش لەهەمان شوێن پارچە ساچمە و مادەی تەقینەوە بە ئاژەڵاندا تەقیوەتەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق