کەپر و مێز بۆ فرۆشیاران دابین دەکرێت

بازاڕی چەمچەماڵ رێکدەخرێتەوە

+964
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

شارەوانیی چەمچەماڵ لە هەوڵەکانی بۆ رێکخستنەوەی شاری چەمچەماڵ بەردەوامە و ده‌یه‌وێت كه‌پر و مێز بۆ فرۆشیاران دابین بكات.

شاره‌وانیی چه‌مچه‌ماڵ لە رێگەی کۆمپانیایەکی ئەهلییەوە دەیەوێت بە شێوازێکی جوان و پێشکەوتوو بازاری گەورەی چەمچەماڵ ناسراو بە “بازاری ماستفرۆشەکان”، هه‌روه‌ها بازاڕی له‌فەفرۆشەکانی لای چاڵ پایسکلەکە، بکات بە کەپر و مێزی تایبەت بۆ فرۆشیاران.

لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەدا، دەست بە رێکخستن و چاککردنی بازاڕی گەورەی چەمچەماڵ كراوه‌.
دوکاندارەکان بە دڵخۆشییەوە لەم کارەی شارەوانی دەڕوانن، بەڵام ئەو برە پارەی وەک قیستی یەکەم لێیان وەرگیراوە بە زۆری دەزانن، کە بڕەکەی 500 هەزار دینارە.
هەرچی له‌فەفرۆشەکانیشن، بە خۆشحاڵیەوە باس لە پرۆژەکە دەکەن و پێیان وایە ئیتر لە دانان و هەڵگرتنی کەپر و گواستنەوەی عارەبانەکانیان و بارانی زستان رزگاریان دەبێت، بەڵام ئەمانیش بە هەمان شێوە بڕی ئەو پارەی بڕیارە لەمانیش وەربگیرێت، بە زۆری دەزانن.

گۆران فاتیح بەرپرسی لیژنەی زیادەڕۆیی و رێکخستنی ناو بازار لە شارەوانیی چەمچەماڵ، بۆ تۆڕی 964 وتی، “ماوەی 10 رۆژە لە رێگەی کۆمپانیایەکەوە دەستکراوە بە دروستکردنی کەپر بۆ بازاڕی ماستفرۆشەکانی چەمچەماڵ و دواتر بازاری له‌فەفرۆشەکانی لای چاڵ پایسکلەکە رێکدەخرێتەوە”.

وتیشی، بە هەمان شێوە، لە قۆناغی یەکەمدا هەر دوکاندار و عارەبانچییەک بڕی 500 هەزار دیناری لێوەرگیراوە، بەڵام جارێ هیچ بڕەپارەیەک لە له‌فەفرۆشەکان وەرنەگیراوە، چونکە ئێستا پرۆژەکە نەگەیشتووه‌تە لای ئەوان”.

گۆران فاتیح بۆ تۆڕی 964 باسی لەوەش کرد، “بڕیارە لە ماوەی دوو مانگ ئەم پڕۆژەیە تەواوبکرێت و دواتر بە شێوازێکی جوان بازار رێکدەخه‌ینەوە و هەموو فرۆشیارەکانی بەردەم دوکانەکان، مێزی دوو مەتر درێژ و یەک مەتر پانی بۆ دابین دەکەین و رێگەش نادەین جارێکی دیکە سیمای شار و بازاڕ بەم شێوازەی ئێستا بەربڵاو بێت”.

964 ده‌زانێت ماوەی دوو رۆژە بەهۆی سەرقاڵیی هاوڵاتیان و بازاڕیکردنیان بۆ جەژنی قوربان، کۆمپانیاکە کارەکانی راگرتوە بەڵام دوای جەژن دەست به‌ كاره‌كانی دەکاتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا