مەسەلەکە تای خوێنەربوونە

له‌ قه‌ره‌داغ سيمینارێك بۆ ئاژه‌ڵداران رێكخرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئاژه‌ڵدارانى سنوورى قه‌ره‌داغ كۆكرانه‌وه ‌و رێنمایی پێویستیان پێدرا له‌ باره‌ى نه‌خۆشی تاى خوێنبه‌ربوون و قایمقامیش ده‌ڵێت، له‌ سنووره‌كه‌یاندا رێژه‌یه‌كی زۆرى خه‌ڵك خه‌ریكی ئاژه‌ڵدارین.

ره‌ئوف شێخ كه‌مال، قایمقامی قه‌زاى قه‌ره‌داغ به‌ 964ـى راگه‌یاند، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ئاماده‌كارییان بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى كردووه‌ و له‌ رێگاى تیمى ڤێته‌رنه‌رى  و ته‌ندروستییه‌وه‌ رێوشوێنى پێویستیان گرتووه‌ته‌ به‌ر .

وتیشی “له‌ سنووره‌كه‌ماندا به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر ئاژه‌ڵى جۆراوجۆر هه‌ن، به‌وپێیه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ گشتى سه‌رقاڵى كارى كشتوكاڵى و ئاژه‌ڵدارین”.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 21.6.2023 لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی خاوەن ئاژەڵەکانی سنوورەکە كۆكرانه‌وه‌ و قایمقام و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان رێنمایی پێویستیان پێدان.

قایمقام، ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی گوماناوى بۆ ئه‌و په‌تایه‌ هه‌بووبێت، ده‌شڵێت “به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئاژه‌ڵدارانى سنووره‌كه‌ ئاژه‌ڵه‌كانیان ته‌عقیم ده‌كه‌ن و هۆشیاریی پێویستیشیان هه‌یه‌، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست ئاژه‌ڵه‌كانیان رابگرن”.