964 چیرۆکەکەت پێدەڵێت

“لە رۆشنایی چاوم خۆش بووم کاتێک سۆزی دەنگم بیستی”

964+

ژوری هەواڵ

لە رۆشنایی چاوم خۆش بووم کاتێک سۆزی دەنگم بیستی
لە دەستوری عەشق لامدا بەبێ بینین خۆشمویستی

ساڵانی هەشتا لە شاری سلێمانی، چیرۆکی ئەوینداری کچ و کوڕێک لەنێو خەڵک بڵاودەبێتەوە، بەڵام چیرۆکێکی خەمناک و جیاواز،
کچێکی نابینا کە تەنانەت رۆشناییەک لە چاوەکانی نەبووە بە قوڵی کەوتۆتە خۆشەویستی کوڕێک کە بینایی هەیە.

کچەی نابینا، لەو رۆژانەی خۆشەویستەکەی دەبینی پێی دەوت، من نازانم رەنگ و رووت چۆنە! وەک وێنەکێشێک بە خەیاڵ لە مێشکی خۆما وێنەیەکی ئەفسانەیم بۆ دروستکردووی، هیچ شتێکی تۆ نازانم تەنیا ئەوەی بەر رۆح دەکەوێ دەنگتە، بۆیە تکایە خۆمم خستۆتە بەختی دڵمەوە و خۆشمدەوێیت، نا ئومێدم مەکە.

رۆژەکان تێدەپەڕین و ئەوان هەزار و یەک خەونییان بۆ دروستکردنی ماڵێک لە مێشکی خۆیان دروستکردبوو، کوڕەکە هەزارانجار بەڵێنی ئەوەی پێدەدا ببێتە رۆشنایی بۆ رێگای ئەو، ببێتە گۆچانی سەردەمی جەوانی تا پیری.

کچەی نابینا، بە ئومێدێکی زۆرەوە بیری لەو ئەوینە دەکردەوە، خەونی بەوە دەبینی ئەویش وەک هاوڕێکانی رۆژێک دێت ماڵێکی دەبێت.

رەگی ئەو پەیوەندیە رۆژ بە رۆژ تا دەهات قوڵتر دەبوو، کچێک کە رۆشنایی هیچ رۆژێکی ئەم گەردونەی نەدیبوو، بەدڵی خۆی دەوت قەینا هەرچی خوێنی جەستەم هەیە پێشکەشی بکە ئەگەر ویستی.

رۆژگار پێچەوانەی خواستی ئەو کچە نازدارە گەڕا، لەپڕ وەک جەستەیەکی مردوو هەموو شتێک سارد بویەوە، ئەو کوڕەی بەڵێنی هەموو ئایندەی بە رۆحی ئەو کچە هەڵواسیبوو دەرئەنجام هەمووی وەک قەوانی بەتاڵ دەرچوو.

وەک ئاوێنەیەکی وردوخاشکراو، کچەکە بوو بە هەزاران پارچە لە نائومێدی و دووچاری گۆشەگیری بوو.

رۆژەکان تێپەڕین و ساڵی 1993 ئەو چیرۆکە لەسەر زاری مۆسیقاژەنێک بە کاک خالید مەجید فەرەجی شاعیر دەوترێت، ئەو دوای چەند رۆژێک بەسەرهاتی دڵشکانی ئەو کچە دەکاتە شیعرێک.

دواتر بیر لەوە دەکەنەوە پێویستە ئەو شیعرە بدرێتە خاتوو تارا رەسوڵی هونەرمەند، چونکە لەگەڵ دونیای ئەو و دەنگی ئەو دەتوانرێت گوزارشتی لێ بکرێت.

کاک خالید دەڵێت: کاتێک چووین بۆ ماڵی تارا خان و ئەو شیعرەم بۆ خوێندەوە، دوای تاوێ بێ دەنگ بوون، وتی بوەستە با بچم تەسجیلەکە بێنم بۆ ئەوەی تۆماری بکەم، شیعرەکەی تۆمارکرد و بڕیاریدا بیکات بە گۆرانی.

ساڵان هاتوون و چوون، 10 ساڵ دوای ئەو رۆژە، لە ناوەڕاستی ساڵانی 2000 دیسان هونەرمەند تارا رەسوڵ تەلەفون بۆ کاک خالید دەکات و دەڵێت: کاسێەتەکەم ونکردووە تکایە شیعرەکەم بۆ بخوێنەوە، دوای نوسینەوەی شیعرەکە بەچەند رۆژێک هونەرمەند عەدنان کەریم، ئاوازی بۆ داناو و خاتوو تارا رەسوڵیش بە دەنگە خۆش و ناسکەکەی تۆماری کرد.