بە دوو ملیار و 700 ملیۆن دینار بەردەڕەش لە تۆزوخۆڵ پاک دەکرێتەوە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

16 ساڵە قەزایە و ژمارەیەکی زۆر کەم لە جادە و کۆلانەکانی هێشتا هەر خۆڵە، شارەوانیش دەڵێت: سەرجەمیان قیرتاو و کۆنکرێت دەکرێن.

وەزارەتی شارەوانی دوو ملیار و 700 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە بۆ کۆنکرێت و قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی ناو قەزای بەردەڕەش، شارەوانی قەزایەکەش دەڵێت، بەم پارەیە هەمووی چاک دەکەین.

سیروان حەسەن قادر، سەرۆکی شارەوانی بەردەڕەش بە 964ـی وت، تا یەک کۆڵانی ناو سەنتەری قەزا مابێت، بستێک کۆڵانی دەوروبەر کۆنکرێت و قیرتاو ناکەین.

پلانی شارەوانی بەردەڕەش ئەوەیە، هەر کۆڵانێک پانییەکەی شەش مەتر بێت ئەوا کۆنکرێت دەکرێت، ئەگەر 10 مەتر بەرەو سەروو بێت ئەوا قیرتاو دەکرێت.

سەرۆکی شارەوانی بەردەڕەش دەشڵێت: لەگەل کۆنکرێت و قیرتاو، ئەوا جۆگە و ئاوەڕۆش دروستدەکرێت، بەمەش سیمایی قەزایەکە بەتەواوی دەگۆردڕێت.

بەردەڕەش، ساڵی 2007 کراوە بە قەزا و دانیشتووانەکەی نزیکەی 130 هەزار کەس دەبێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق