پۆلیسی ھەرێم: بەمزوانە کۆمەڵگای کڕین و فرۆشتنی چەک دەکرێتەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بەمزوانە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم کۆمەڵگای کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی چەک دەکرێتەوە، پۆلیسی گشتی ھەرێمیش دەڵێت، ئەوانەی چەکەکانیان تۆمارنەکردووە ناتوانن سوودمەند بن لەم کۆمەڵگەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پۆلیسی گشتی ھەرێم لە فەیسبووک رایگەیاند، ئاگاداری گشت ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەکەینەوە کە ئەگەر فۆڕمی تۆمارکردنی چەکیان نەبێت و چەکەکانیان تۆمارنەکرابێت، ئەوا ناتوانن لەم کۆمەڵگایە لە داھاتوودا چەکەکانیان بفرۆشن یاخود چاکی بکەنەوە یان بیگۆرن.

ئامانج لە کردنەوەی ئەو کۆمەڵگایانە، داماڵینی چەکە لە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی ناوخۆ وادەیەکی بۆ رادەستکردنی چەکی بێ مۆڵەت دیاریکردووە کە لە تەمموزی 2022 دەستپێکردووە بۆ 21ـی تەمموزی 2023، هەر هاوڵاتییەک چەکەکەی تۆمار بکات دەتوانێت دواتر داوای مۆڵەت بکات.

لە دوای ئەو ماوەیە، هەرکەس چەکی تۆمارنەکراوی لەلا بێت، وەکو چەکی یاساغ مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت.

بەگوێرەی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2022، هەر کەس بەبێ مۆڵەت چەک هەڵبگرێت، ئەوا بەند دەکرێت کەبە ماوەیەک کە لە ساڵێک کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامەدەکرێت بە بڕێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.