مۆڵەتی کشتوکاڵی هەیە

دادگا كێڵگە پەلەوەرەکەی گەرمك دادەخات

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لە ناحیەی گەرمک، هاوڵاتییەک گازندەی ئەوە دەکات مۆڵەتی وەزارەتی کشتوکاڵی هەیە بۆ دروستکردنی کێڵگەی پەلەوەر، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکە رەزامەند نییە.

بەهادین مارف حەمەساڵح، ئە کەسەیە کە وەک خۆی دەڵێت رەزامەندی وەزارەتی کشتوکاڵی وەرگرتووە و پڕۆژەکەش هەشت کیلۆمەتر لە دەرەوەی سنووری شارەوانی گەرمکە و خاوەنەکەی دەیەوێت بیکات بە کێڵگەی پەلەوەر.

دەشڵێت: مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆشی وەرگرتووە، کەچی بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک رێگە نادات پڕۆژەکە سەرپێ بخات.

غەریب عەبدوڵا، بەرێوەبەری ناحیەی گەرمک بە 964ـی وت، “پڕۆژەکە لەلایەن دادگاوە فەرمانی رووخاندنی هەیە، چونکە زیادەڕۆیە بەڵام تائێستاش نەمان روخاندووە”.

ئەوەشی وت، “وەزارەتی کشتوکاڵ خۆی بەرپرسە لەو دۆسیە، پڕۆژەیەک بە زیادەڕۆ درووستبکرێت، من وەک بەرێوەبەری ناحیە ناتوانم بڵێم مۆڵەتی بدەمێ کە بەوتەی ئەو جگە لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەبێت مۆڵەتی 12 فەرمانگەی دیکە وەربگرێت”.

ناحیەی گەرمک بە دووری 10کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، 13 دەواجینی پەلەوەر لە سنوورەكەیدا هەیە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد