لە پێنجوێن خانووی کرێ دەستناکەوێت
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
بەهۆی زۆربوونی کرێکار و خەڵکی خانەخوێ، خانووی کرێ لە پێنجوێن دەستناکەوێ.
خاوەن نووسینگەیەکی زەوی و زاریش یەکێک لە هۆکارەکان بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە، کە لە ساڵی 2014 وە هیچ پرۆژەیەکی وەبەرهێنان لە پێنجوێن ئەنجامنەدراوە.
ژمارەی دانیشتووانی پێنجوێن زیاتر لە 13 هەزار کەسن، ناوچەیەکی سنورییە لە پارێزگای سلێمانی و دەروازەکانی باشماخ و سەیرانبەن دەکەونە سنوورە جوگرافییەکەی.
ئەم قەزایە چەند ساڵێکە خانووی کرێی تێدا دەستناکەوێ، ئەوەشی ئێستا لە کرێدا بێت، لە نێوان 150 هەزار دینار بۆ 300 هەزار دینار دەدات بە خاوەن خانوو بۆ گرێبەستی یەک ساڵ.
ئەمڕۆ دووشەممە 12.6.2023 لوقمان ئەحمەد خاوەن نووسینگەی زەویوزار لە پێنجوێن بە 964ـی وت، “رۆژانە نزیکەی پێنج کەس دێن بۆ داواکردنی خانووی کرێ، بەڵام لامان نییە، ئەمە وایکردووە نرخی کرێی خانوو لەسەر خەڵکی خانەخوێش زیاد بکات”.
لوقمان، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، خەڵکانێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی خوارووی عێراق هاتوونەتە قەزاکە، بە مەبەستی کشتوکاڵکردن خانوویان بە کرێ گرتووە، وتیشی “کرێچی دانیشتووی قەزاکە هەیە، چەندجار ماڵی گواستووهتەوە لەبەر ئەوەی کرێی لەسەر گران کراوە، بەهۆی بوونی خواست لەسەر خانووی کرێی”.
بەوتەی ئەو، لەگەڵ ئەوەی پێنجوێن دەروازەی نێودەوڵەتی تێدایە و کشتوکاڵێکی زۆری لێدەکرێت، بەڵام هاوتای ئەوە، هیچ پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی تێدا نەکراوە.
لوقمان وتیشی، “ئەگەر پرۆژەی نیشتەجێبوون لەم قەزایە بکرێتەوە، ئەوا خانووی کرێ زیاد دەکات و نرخیش کەمدەبێتەوە، بەڵام ئەم ناوچەیە زیاتر وەک ترانزێت بەکارهاتووە”.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن