لە سلێمانی

خولێکی بالە بۆ تیپەکانی لاوان کرایەوە

+ 964
یادگار محەمەد – سلێمانی

بە مەبەستی زیاتر گرنگیدان بە توانا و ئاستی یاریزانان، خولێکی یاریی بالە بۆ تیپەکانی لاوان لە سلێمانی کرایەوە.

ناوەندی وەرزش و لاوانی هاوکاری پاڵپشت بە لقی سلێمانی فیدراسیۆنی بالەی کوردستان، خولێکی بۆ تیپەکانی ناو شاری سلێمانی کردەوە.

دلێر ئەحمەد لێپرسراوی ناوەندی وەرزش و لاوانی هاوکاری تایبەت بە تۆڕی 964 وتی، ماوەی پێنج ساڵ زیاترە لە سنووری شاری سلێمانی هیچ خولێکی یاریی بالە بۆ ئاستی لاوان نەکراوەتەوە، هەربۆیە ئەوان وەک ناوەندی وەرزش و لاوانی هاوکاری لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، هەستان و دابین کردنی بودجە تا ئەم خولەی پێ سازبکەن.

وتیشی، برە پارەیەک کە بۆ چالاکییەکانیان دابینکراوە زیاد بووە، بۆیە بڕیاردراوە خولێکی یاری بالە بۆ ئاستی لاوان بکەنەوە و حەزیشیان دەکرد تیپی زیاتر لەم خولەدا بەشداربوونایە، بەڵام بەشداریکردنی نزیکەی 50 یاریزان لە خولەکەدا گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستیان.

لە خولەکەدا، کە تەنیا دوو رۆژ دەخایەنێت چوار تیپ بەشدارن، کە پێکهاتوون لە تیپەکانی لاوانی هاوکاری و ئافرۆدێت و هەروەها یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بە دوو تیپ بەشداریی کردووە.