سێ کرێکار بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا

ساتی کەوتنی کرێن تاوەرەکەی دەروو سیتی

964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

کاتژمێر 3:40ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 11.6.2023، کرێن تاوەری پڕۆژەی دەروو سیتی لە گەڕەکی قولەرەیسی شاری سلێمانی لەکاتی هەوڵدان بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی، بەسەر کرێکارەکاندا دەکەوێتە خوارەوە و بەهۆیەوە سێ کرێکار گیان لەدەستدەدات و کرێکارێکیش بە سەختی بریندار دەبێت کە ئێستا لە هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی شارە و باری تەندروستی جێگیر نییە.

ئەو دیمەنەی لەم ڤیدیۆیەدا دەیبینن، ساتی کەوتنی کرێن تاورەکەیە.

لەسەر کەوتنی کرێن تاوەری پڕۆژەی دەروو سیتی، ژیار کەمال، نوێنەری کۆمپانیای هۆزیار کە دروستکاری پڕۆژەکەیە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: دوێنێ جارێک کرێن تاوەرەکە بەرز کراوەتەوە، ئەمڕۆش جارێکی تر ویستوویانە بەرزی بکەنەوە، بەڵام کرێنەکە بەسەر کرێکارەکان کەوتووە.

دەشڵێت: هۆکارەکانی کەوتنی کرێن تاوەرەکەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە جێهێشتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، کرێن تاوەرەکە بەرزییەکەی 20 مەتر بووە.

هاوکات هەر لەسەر رووداوەکە، رائید ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی دەربارەی قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: لێکۆڵینەوە لە کەوتنی کرێن تاوەرەکە دەستی پێکردووە و دواتر ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی رادەگەیەنین.

دەشڵێت: کرێکارەکان خەڵکی هەرێمی کوردستان نین.