سەبەحبەحەكانی رێگەی ئەحمەد ئاوا شكاون

+964
كوردستان ئەحمەد
بەشێك لە دار سەبەحبەحەكانی رێگەی خورماڵ بۆ ئەحمەد ئاوا شكاون و شارەوانیش دەڵێت، داری نوێ دەچێنین.

شەقامەكە، نزیكەی كیلۆمەترێكە، ناوی شەقامی پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا زەڵمیە، دوو ئاراستەیە، بلوارەكەی لە سەرەتای شەقامەكەوە تا كۆتایی  بە داری سەبەحبەح رازێنراوەتەوە.

داری سەبەحبەج دارێكی سەوزی چەترییە، لەبەر ئەوەی لینجی نێوان بەستەری لقەكانی كەمە، بەرگەی رەشەبا و هەوای زۆر ناگرێت.

دوێنێ شەو لە خورماڵ رەشەبایەكی بەهێز و وردە باران هەبووە، لە سەرتای شەقامەكە تا كۆتایی شەقامەكە نزیكەی 50 دار شكاون.

هەندێكیان لەناوقەددا شكاونەتەوە، هەندێكی دیكەشیان سەرپەلبوون و گەڵا و لەپەكانی شكاونەتەوە.

سالار ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانی خورماڵ بە 964ی وت، لە رۆژی یەكشەممەوە دەستدەكرێت بە هەڵپاچینی دارەكان و ئەوانەی شكاون دەبڕدرێنەوە وئەوانەی دیكە كە پێویستیان بە خزمەتە زیاتر خزمەت دەكرێن.

دارەكان بەشێكیان هەر لە بنەوە توشی جوڵان لە ڕەگدابوون، ئەگەری وشكبونی یەكجارەكیان هەیە، هەردارێك هەڵبكەنرێت دارێكی دیكەی لەشوێندا دادەنرێت.

ناحیەی خورماڵ حەوت كیلۆمەتر لە پارێزگای هەڵەبجەوە دورە، زیاتر لە 30 هەزار دانیشتووی هەیە، زۆربەی خەڵكەكەی بە ئاژەڵداری و باخداریەوە سەرقاڵن.