باخی گشتی دوای نۆژەنکردنەوەی بەردەمی چۆڵکراوە

964+

دیلان محەمەد

بەردەم باخی گشتی پڕبوو لە خەڵک و خواردنی بەنگلادیشی و نیپاڵی، دوای نۆژەنکردنەوەی باخەکە ئێستا ئەو ناوە چۆڵە

رێگە بە کرێکارە بیانیەکان نادرێت لە بەردەم باخی گشتی خواردن بفرۆشن.

بەهۆی نۆژەنکردنەوەی باخی گشتییەوە سەرجەم عەرەبانە و دەستگێڕەکانی بەردەمی لابراون و رێگری دەکرێت لە دانانی هەر عارەبانەیە لەسەر ئەو شەقامە.

بە مەبەستی پێدانی سیمایەکی جوان و رێکخستنەوەی شەقام و شۆستەکانی بەردەم باخی گشتی شارەوانی سلێمانی بڕیاریداوە بەلابردنی سەرجەم دەستگێڕەکانی ئەو شەقامە.

رۆژانی هەینی کرێکارانی بیانی چەندین خواردنی کلتوری خۆیان لە بەردەم باخی گشتی دەفرۆشت، بەڵام ئەوانیش رێگەیان پێنادرێت ماوەی دوو هەفتەیە.

زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوەی باخی گشتی رێگە بە عارەبانە نەدراوە لەو بەردەمەدا بووەستن.

باسی لەوەکرد، ئێستا لەناو باخەکەدا کافتریا هەیە و خێزانەکان دەتوانن سەردانی ئەوێ بکەن و سیمایەکی جوانی هەیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی