قەزای کەلار - وێنە: 964
پیاوەکە پێشمەرگەیە
پۆلیس: لە کەلار ژنێک بە چەقۆ هاوسەرەکەی کوشت
964+
ژووری هەواڵ
پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، شەوی رابردوو پیاوێک بە چەقۆ کوژراوە و دواتر هاوسەرەکەی دانی پێدا ناوە کە ئیشی ئەو بووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، رووداوەکە لە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزای کەلار روویداوە.
هەر شەو تەرمی پیاوەکە براوەتە نەخۆشخانەی شەهید هەژار.
پۆلیس دەڵێت، چوونەتە ماڵەکە و دەستیان بەسەر ئەو چەقۆیەدا گرتووە کە تاوانەکەی پێکراوە.
دواتر پۆلیس سێ کەسی دەستگیرکردووە، هاوسەر، کچێک و برای هاوسەری کوژراوەکە. تەنیا هاوسەرەکەی دانی بە تاوانەکەدا ناوە و وتوویەتی شەڕیان بووە و بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەری و کوشتوویەتی.
هەروەها پۆلیس دەڵێت، پیاوە کوژراوەکە لەدایکبووی 1975ـە و پیشەی پێشمەرگە و خاوەنی پێنج منداڵ بووە.
هاوسەری کوژراوەکە لەدایکبووی 1981ـە و بە مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.