له ‌باسرمه‌ كێشه‌ى ئاودێرى بۆ سێ گوند چاره‌سه‌ركرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى ناحیه‌ى باسرمه‌، كێشه‌یه‌كى ئاودێری نێوان سێ گوند چاره‌سه‌ر كرا، كه‌ به‌هۆى كه‌مئاوى و كاریگه‌رییه‌كانى وشكه‌ساڵییه‌وه‌ له‌نێوانیان دروست بوبوو.

ئاوی کانی هەنجیر، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌یه‌ كه‌ دانیشتوانى هه‌ر سێ گوندى شیناوه‌، فاتاوه‌ و سیساوه‌، بۆ ئاودانى باخچه‌كانیان پشتى پێده‌به‌ستن.

ره‌زا ئه‌حمه‌د زه‌خۆك، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى باسرمه‌، به‌ 964ـى راگه‌یاند، كێشه‌ى هاوڵاتیانى ئه‌و سێ گونده‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تى دابه‌شكردنى ئاوى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بوو كه‌ بۆ ئاودێرى باخچه‌كانیان به‌كارى ده‌هێنن.

وتیشی “توانیمان به‌ به‌رنامه‌ و پلانێكی نوێوه‌، كێشه‌كه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌ویش دابه‌شكردنى ئاوه‌ له‌رێگه‌ى خشته‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌و گوندانه‌”.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، كه‌ دروستبوونى كێشه‌ى ئاودێرى له‌و سنووره‌ له‌ ئه‌نجامى كه‌مئاوى و وه‌رزی وشكه‌ساڵى له‌ رابردوو روویداوه‌.

گونده‌كانى شیناوه‌، سیساوه‌ و فاتاوه‌ له‌و گوندانه‌ى ده‌شتى هه‌ریرن له‌ سنوورى ناحیه‌ى باسرمه‌، ده‌یان باخچه‌ى جۆراوجۆرى تێدایه‌ و ساڵانه‌ش به‌رهه‌مێكی باشی میوه‌جاتیان هه‌یه‌.