سۆران.. هەر تاكسیەك لۆگۆ و كارتی زانیاری نەبێت سزا دەدرێت

964+

فەرمان سادق

لەگەڵ ئەوەی 40 رۆژ ماوە وادەکەی کۆتایی بێت، بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سۆران هۆشداری سزادان دەداتە شوفێرانی تاکسی لە ئەگەری دانەنانی لۆگۆ و كارتی زانیاری.

15ـی مانگی داهاتوو ئەو وادەیەی وەزارتی ناوخۆ کۆتایی دێت کە بە شوفێرانی تاکسی دابوو بۆ دانان و بەستانی لۆگۆ و کارتی زانیاری، هێشتا نزیکەی 40 رۆژی ماوە وادەکە کۆتایی بێت و هێشتا دیار نییە وادەکە درێژ دەکرێتەوە یان نا.

بارزان میر عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سۆران بە 964ـی وت،  دوای ئەو بەروارە هەرخاوەن تاكسیەكی گواستنەوە لۆگۆ و كارتی زانیاری نەبێت لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی هاتووچۆ ئۆتۆمبێلەكەی دەست بەسەر دەكرێت، دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە بكات بۆ ئەوەی رێكارەكانی لۆگۆ و كارتی زانیاری دروست بكات، داوا لە خاوەن تاكیسەكان دەكەین پێش ئەم وادەیە ئەوانەی لۆگۆ و كارتی زانیاری نەبێت ئامادەكاری بكات بۆ ئەوەی تووشی سزای پێبژاردن نەبێت. 

دەشڵێت: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەو تاكسیانەی كاری گواستنەوە لە ناوخۆ و هێلەكانی دەرەوە دەكەن 120 تاكسین كە كاری گواستنەوەی هاوڵاتییان دەكەن.

هاوکات فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی وت، لە هەولێر تاوەکو رێژەی 80%ـی تاکسییەکان لۆگۆیان لێداوە.

پێشتریش بەڕێوەبەری گواستنەوەی سۆران بە 964ـی وتبوو کە 880 ئۆتۆمبێلی تایبەت لە سنووری ئیدارەکە کاری تاکسی دەکەن و ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت ئۆتۆمبێلەکانیان بگۆڕن بۆ تاکسی.