وێنەیەک کە ئاماژەیە بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤ. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان
211 پەڕاوی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تۆمار کراون
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە ساڵی 2022ـدا لە هەرێمی کوردستان 211 پەڕاوی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ تۆمار کراون، بەراورد بە ساڵی پێشتر رێژەکە زیادیکردووە.
بەپێی ئامارێکی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، کە رۆژی دووشەممە لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئەو پەڕاوانەی کە لە ساڵی 2021ـدا تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ تۆمار کراون، ژمارەیان 192 دانەیە و لە 2022 ژمارەکە زیادیکردووە بۆ 211.
“بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان ئەندامە لە لیژنەی ناوەندی حکومەتی ئیتیحادی، بەپێی پسپۆڕی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون ئەنجامدەدەن لەکاتی هەبوونی هەر هەواڵێک یان زانیارییەک لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ”، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وا دەڵێت.
لەبارەی حاڵەتەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ساڵی 2021ـدا، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، 17 پەڕاویان داخراون، 147 پەڕاویان رەوانەی دادگاکان کراون و 28 پەڕاویش لەژێر لێکۆڵینەوە بوون.
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەشڵێت، “بە مەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دەستەبەرکردنی پاڵپشتی بۆیان، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان ژمارەی تەلەفونی تایبەت بە نووسینگەکەیان تەرخانکردووە بۆ ئەم کارە”.
هەر لە چوارچێوەی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، رێکخراوە نیودەوڵەتی و ناوخۆییەکان “هێڵی پەیوەندی تایبەتیان هەیە”.