باری شارستانی سلێمانی: نەیەن بۆ کارتی نیشتمانی رەوانەی بەغدای دەکەینەوە

964+

فەرمان سادق

بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی نیشتمانی و دەڵێت، ئەوەی نەیەت کارتەکەی رەوانەی بەغدا دەکەینەوە.

بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی، داوا لەو هاوڵاتیانە دەکات کە ساڵانی 2017، 2018، 2019، 2020، 2021، 2022 مامەڵەی کارتی نیشتمانیان کردووە، سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.

داوایەکەی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی، هەر تەنیا بۆ دانیشتووانی سەنتەری سلێمانی نییە، بەڵکو بۆ  سەرجەم فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی سنووری پارێزگایەکە.

“داواکارین کە بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی و باری شارستانی سلێمانی و سەرجەم فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی بکەن بۆ مەبەستی وەرگرتنەوەی کارتەكانیان، لەبەر ئەوی کارتەکانیان دەرگەرێتەوە بۆ بەغدا، ئەوکات ھاوڵاتی دەبێت خۆی سەردانی بەغدا بکات و مامەڵە بکات بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکەی”. لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی هاتووە کە ئەمشەو بڵاویان کردووەتەوە.