یەکێک گیانی لەدەستداوە
لە گوندی گەڵاڵە بە درۆن هێرشکرایە سەر ماتۆڕسکیلێک
964+
مەجید بیتوێنی – رانیە
ئەمشەو لە سنووری قەزای ماوەت هێرشکرایە سەر ماتۆڕسکیلێک کە دوو سەرنشینی لەسەر بووە و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تەندروستی قەزای ماوەت بە 964ـی وت، بەگوێرەی زانیارییەکان دوو کەس لەسەر ماتۆڕسکیلەکە بوون چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەن و درۆنەکەش تورکی بووە.
سەرچاوە تەندروستییەکە کە بە مەرجی ئەوە قسەی بۆ 964 کردووە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت، دەڵێت: کیلۆمەترێک پێش ئەوەی بگەن بە گوندی گەڵاڵەی سنووری قەزای ماوەت، ماتۆڕەکە لەلایەن درۆنەکە کراوەتە ئامانج.
وتیشی “ئەو دوو کەسەی لەسەر ماتۆڕەکە بوون، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوەی تریش بریندار بووە و گەریلاکانی پەکەکە فریای دەکەون و بە برینداری لەگەڵ خۆیان دەیبەن، تەرمەکەش نەگەیەندراوەتە پزیشکی دادی، بەڵکو ئەویش لەگەڵ خۆیان دەبەن”.
لەسەر رووداوەکە تاوەکو ئامادەکردنی ئەو هەواڵە هیچ دەزگایەکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوی نەبووە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق